بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی
لیستە

"گەڕانەوە هەنگاوێکی گەورەیە"

"گەڕانەوە هەنگاوێکی گەورەیە"

ڕێدار، ٣٤ ساڵ، ڕاوێژکارێکە لە سەنتەری (GMAC) لە هەولێر. ئەو لێرەدا قسە دەکات لەسەر ئەوەی کە چۆن گەڕاوەکان دەتوانن سوود وەربگرن لە خزمەتگوزارییەکانی (GMAC).

ئەو خزمەتگوزارییانە کامانەن کە ناوەندی (GMAC) پێشکەشیان دەکات؟

ئێمە خاڵی پەیوەندیین بۆ خەڵکی کاتێک دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ عێراق. ئامانجی ئێمە ئەوەیە یارمەتییان بدەین بۆ ئاوێتەبوونەوە بە کۆمەڵگا. ئێمە یارمەتیان دەدەین بۆ دۆزینەوەی کار. ئەمە پێویستی بە ڕاوێژکاریی کەسیی هەیە، بەڵام ئێمە هەندێک بۆنەش ڕێکدەخەین وەک پێشانگای کارەکان. هەروەها ئێمە ئامادەیان دەکەین بۆ چاوپێکەوتن و ئامادەکردنی خولی ڕاهێنانەکان بۆ شارەزاییە بەردەستەکان. ئێمە دەتوانین خەڵکی پێشنیاز بکەین بۆ ڕێکخراوە هاوبەشەکانمان لە هەندێک لە دۆخە ئاڵۆزەکاندا. ناوەندی (GMAC) ئۆفیسی هەیە لە هەولێر و بەغداد، بەڵام هاوبەشەکانمان ئامادەیی سەرتاپایان هەیە و تەنانەت هەموو هەرێمی کوردستانی عێراق دەگرنەوە.

هەروەها ئێمە یارمەتی دابین دەکەین بۆ بابەتی تەندروستی دەروونی و پاڵپشتی دەروونی-کۆمەڵایەتی دابین دەکەین. هێشتا نامۆییەکی زۆر هەیە لە چواردەوری ئەو بابەتەوە. بەڵام گەر ئێمە سەرنج بدەین لە ماوەی دانیشتنێکی ڕاوێژکاریی، کە کەسێک پێویستی بە ڕاوێژی تەندروستی دەروونی هەیە، ئەوکاتە ئێمە دەتوانین هەندێک شوێن پێشنیاز بکەین کە دەتوانن یارمەتی وەربگرن لە ڕێگەیانەوە.

کێ دەتوانێت سودمەند بێت لە خزمەتگوزارییەکانی پرۆگرامەکەی ئێوە؟

خزمەتگوزارییەکانمان بۆ هەموو کەسێک بەردەستە کە تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٦٠ ساڵدایە: گەڕاوەکان، خەڵکانی ناوخۆیی و کەسانی ئاوارەبوو. ئێمە بەزۆری پاڵپشتی ئەو گەڕاوانە دەکەین کە لە ئەڵمانیا و وڵاتانی تری ئەوروپاوە دەگەڕێنەوە لە ماوەی ٥ ساڵی یەکەمی گەڕانەوەکەیاندا لە عێراق. بەڕاستی ئێمە پێشنیاز دەکەین بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە دەگەڕێنەوە، ناوی خۆیان بۆ پرۆگرامەکانمان تۆماربکەن. ئەمە زۆر سوود لە خۆ دەگرێت.

پرۆسەی ئاوێتەکردنەوە بۆ عێراق چی لەخۆ دەگرێت؟

ئێمە هەماهەنگی دەکەین لەگەڵ شارەزایانی ئاوێتەکردنەوە لە ئەڵمانیا. ئەم شارەزایانە یارمەتی خەڵکی دەدەن کە ئارەزوو دەکەن بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان لە ئەڵمانیاوە. ئەوان ئەو کەسانە لەگەڵ ئێمە دەخەنە سەرهێڵ و دواتر ئێمە ڕاوێژکارییەکی ئۆنڵاینیان پێشکەش دەکەین لەڕێگەی سکایپ یان واتسئاپەوە. کاتێک کەسێک دەگەڕێتەوە بۆ عێراق، ئێمە گفتوگۆیەکی کەسیی بۆ ئامادەدەکەین. ئێمە باشترین لەو دەرفەتانەی بۆ ئەو بەردەستن دەخەینە ڕوو. ئەم گفتوگۆیانە بەجۆرێک دیزاین کراون تاکو هانی ئەوان بدات بۆ بیرکردنەوە لەبارەی ئیش و کارەکان.

ئێمە بەدوای کارە گونجاوەکاندا دەگەڕێین بۆ گەڕاوەکان دوای گفتوگۆکەمان. شتی گرینگ لێرەدا ئەوەیە کە ئێمە قسە و گفتوگۆ دەکەین لەگەڵ ئەو خەڵکانە – بەڵام ئێمە بڕیار نادەین لەبری ئەوان! ڕۆڵی ئێمە بریتییە لە پشتگیری خەڵکی. ئێمە گەڕاوەکان ئاگادار دەکەینەوە لەبارەی ئەو کارانەی کە هەن. هەروەها ئێمە یارمەتی هەرکەسێک دەدەین کە پلانێکی بازرگانی باشی هەیە. ئێمە پاڵپشتی دارایی ڕاستەوخۆ دابین ناکەین، بەڵام ئێمە هەندێک هاریکاری لەوجۆرە دابین دەکەین. بۆنموونە هەندێک خول هەیە لەبارەی دەستپێکردنی بازرگانییەک، یاخود ئێمە دەتوانین ئامراز و کەرەستەی شیاو دابین بکەین بۆ بازرگانییەک.

ئەو کەسانەی ئارەزوومەندن، چۆن دەتوانن پەیوەندیتان پێوە بکەن؟

ئێمە ژمارە تەلەفۆنمان هەیە بۆ پەیوەندی کردن، بۆ نموونە شارەزایانی ئاوێتەکردنەوە لە ئەڵمانیا. بەڵام تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لەمەدا. هەروەها ژمارەکانی پەیوەندیکردنمان بەردەستن لەسەر ماڵپەڕی ستارتفایندەر. دەمانەوێت هەمووان لەبارەی سەنتەری (GMAC)ەوە بزانن.

ڕێکخراوە ناوخۆییە هاوبەشەکانتان چ ڕۆڵێک دەبینن؟

سەنتەری (GMAC) هەماهەنگی دەکات لەگەڵ ٥ ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی لە عێراقدا: سەنتەری ئەوروپی بۆ تەکنەلۆجیا و ڕا‌هێنان (ETTC)، هاوپەیمانی هارتلاند (HAI)، دەزگای ژیان، پڕۆژەی گوندی بچوکی زاخۆ (ZSVP) و هەروەها ڕێکخراوی پەرەپێدانی ژنان (WEO). هەر یەک لەو ڕێکخراوانە لە شوێنێکی جیاواز کار دەکات تاوەکوو تێکەڵبوونی کارەکان ڕوونەدات. هەموویان ژمارەیەکی زۆر لە خزمەتگوزاری پێشکەشدەکەن کە تەواوکەری ئەوانەی ئێمەن.

ئایە ئێوە لەگەڵ گەڕاوەکان لە پەیوەندیدا دەمێننەوە دوای ڕاوێژکارییەکەیان؟

پرۆسەی ئاسایی پەیوەندییەکەمان نزیکەی ساڵێک دەخایەنێت. ئێمە لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ گەراوەکە لە ماوەی ئەو ١٢ مانگەدا. بۆیە بەڵێ، ئێمە لە نزیکەوە لەگەڵیان لە پەیوەندیدا دەبین. بەدڵنیایی ئەوانیش دەتوانن هەرکاتێک بێت پەیوەندیمان پێوە بکەن.

دەتوانی نموونەیەکمان پێبدەی لە پرۆسەیەکی ڕاوێژکاریی سەرکەوتوو؟

خێزانێکم بیرە کە گەڕانەوە بۆ عێراق لە ئەوروپاوە. دوو هاوسەر و ٤ کوڕ و ٢ کچ. بەر لەوەی کۆچ بکەن بۆ ئەوروپا، ئەوان بازرگانییەکیان هەبوو لە سلێمانی. بە داخەوە هەموو شتێکیان لەدەستدا لەماوەی کۆچەکەیان. هەموو شتێکیان فرۆشت کە هەیان بوو و بەبێ هیچ شتێک هاتن بۆلای ئێمە. پاڵپشتییەکانمان وایکرد ئەوان دوکانە کۆنەکەیان بکەنەوە. بازرگانییەکەیان بەڕاستی گەشەی سەندووە لەوکاتەوە. ئێمە یارمەتییەکی خێرای باوکەکەمان دا لە سەرەتادا. دوای نزیکەی ٦ مانگ، یارمەتی ٢ لە کوڕەکانماندا بە پاکێجێکی پەرەپێدانی بازرگانیی بۆ یارمەتیدانی بازرگانییە سەرەکییەکە.

چ ڕاوێژێک دەدەی بەو کەسانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ عێراق؟

گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆت هەنگاوێکی وەرچەرخانە لە ژیاندا. پێویستە لەم ژیانەدا پشوودرێژ بی. ئەوە یارمەتیت نادات کە گلەیی بکەی لەوەی بڕی پێویستت نیە. لەجیاتی ئەوە پێویستە تێبکۆشی و شارەزایی نوێ فێرببی تاوەکو بتوانی لەسەر پێی خۆت بوەستی و ژیانێکی نوێ بنیاد بنێیت.

 لە بەروارەی 03/2023

زمانی ئەم گفتوگۆیە سادەکراوەتەوە. ئێمە دەمانەوێت دڵنیابین کە بۆ هەمووان ئاسانە تێیبگەن. سوپاسی ئێمە بۆ ڕێدار کە ڕەزامەند بوو بۆ بەکارهێنانی ئەم ستایلەی زمانە کە کەمتر باوە.

ئێمە بەڕاستی پێشنیاز دەکەین بۆ هەموو ئەوانەی کە بە ئارەزوومەندانە دەگەڕێنەوە کە خۆیان تۆماربکەن بۆ پرۆگرامەکەمان. ئەمە زۆر شتی بەسوود پێشکەشدەکات.
ڕێدار

ئەزمونەکان زیاتر